شەکاوە بێت ئاڵای یەکی مانگی مەی، ڕۆژی بەرخۆدانی جیهانیی کرێکاران

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکسانی
1-5-2015

 

پیرۆز بێت ڕۆژی جیهانیی کرێکاران لە هەموو کرێکاران و زەحمەتکێشانی جیهان، بەتایبەت لە کرێکارانی کوردستان کە هاوکات لەگەڵ چەوسانەوەی چینایەتیی، لە بوواری نەتەوەییشەوە لە لایەن ڕژیمە سەرکوتکەرەکانی داگیرکەری کوردستانەوە دەچەوسێندرێنەوە و لە هەموو مافێکی یەکسان کە شیاوی مرۆڤێکی سەردەمە بێبەش کراوون.

هەموو ساڵێک لە ڕۆژی جیهانیی چینی کرێکاردا ڕیزبەستنە چینایەتیەکان بەرجەستەتر دەبنەوە و لەلایەکەوە ملیۆنان ژن و پیاوی کرێکار و لایەنگرانی کۆمەڵگەی یەکسانی بێ چین و چەوسانەوە لە دژی نادادپەروەرییەکانی کۆمەڵگەی کاپیتالیستی دێنە سەر شەقامەکان و لە لایەکی تریشەوە هێزە چەکدارەکان و دەمودەزگای پان و بەرینی پارێزەرانی سەرمایەداریی، لە دژی چینی کرێکار توندوتیژیی دەنوێنن.

ئەمساڵ لەکاتێکدا ڕۆژی جیهانیی کرێکار پیرۆز دەکەین کە بار و دۆخی ژیانی کرێکارن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە گشتیی لە سایەی ڕژێمی کۆماری ئیسلامییدا نەک هەر بەرەو باشیی نەچووە، بەڵکو ئەم ڕژیمە زیاتر لە ساڵانی ڕابردووە بە سەرکوت و زەبروزەنگ بەرەوڕووی کرێکاران و داخوازییە ڕەواکانیان بۆتەوە و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە دەیان چالاکی کرێکاریی لە کوردستان و ئێران دەسبەسەر و زیندانیی کردووە.

لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا زیاتر لە سەدا٧٠ی دانیشتوانی ئێران لە ژێر هێڵی هەژارییدا دەژین. سنووری هێڵی هەژاریی لە ساڵی ڕابردوودا بۆ خانەوادەیەکی ٥ کەسیی تارانیی دوو ملوێن و ٥٠٠ هەزار تمەن و بۆ سەراسەری ئێران ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار تمەن بەراورد کرابوو. لەهەمان کاتدا چالاکانی کرێکارییش لەسەر ئەو باوەڕەن کە خانەوادەیەکی کرێکار بۆ بژیوی ژیانی مانگێکیان لانیکەم پێویستییان بە ٢ملوێن و ٥٠٠ هەزار تمەن هەیە. ئەمە لە کاتێکدایە کە داهاتی زۆریینەی ئەو بنەماڵانەی لە ئێران ژیانێکی کرێکارییان هەیە، لە ژێر ملوێنێک و ٥٠٠ هەزار تمەنە. خەڵکی ئێران بە گشتیی لە بیمە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان بێبەشن و لە سایەی لابردنی سوبسیدی شتومەکی سەرەکیی ژیان و گەمارۆی ئابووریی ئەوەندەی تر گرانیی و هەژاریی لەو وڵاتە پەرەی سەندووە و بەتایبەتی ڕەوشی کرێکاران و هەژارانی کوردستان و ناوچەکانی وەک سیستان و بلووچستان لەوپەڕی دژواریی دایە.

ئەمڕۆکە لە ئاستی جیهانییدا دەوڵەتانی کاپیتالیستی هێرشێکی بەربڵاویان بۆ سەر ژیان و گوزەرانی کرێکاران و هەژاران دەست پێ کردووە. لە ئەمریکا و وڵاتانی زلهێزی ئابووری ئەوروپاوە بگرە تان چین و ژاپۆن و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوە کرێکاران و خەڵکی دەستتەنگن باجی قەیرانی ئابووریی دەوڵەتانی سەرمایەداریی دەدەنەوە. گلدانەوەی مافە بەدەستهاتووەکان، کەمکردنەوەی خزمەتگوزارییە دەوڵەتیەکان، زیادکردنی کاتی ڕۆژکار و کەمکردنەوەی مووچەی کرێکاران و مووچەبگیران، بەرزکردنەوەی تەمەنی خانە نشینی بۆ نزیکی ٧٠ ساڵ و داسەپاندنی گرێبەستی کاری کاتیی، دەرکردنی بەکۆمەڵی کرێکاران، پەرەسەندنی دیاردەی منداڵانی کار، داخستنی ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و بنکەکانی تەندروستیی و قوتابخانە و باخچەکانی ساوایان و تێکدانی سامناکی ژینگە، لەو کێشە جیهانیانەن کە کۆمەڵانی خەڵکی وڵاتانی پێشکەوتووی ئابوورییش بە دەستیانەوە دەناڵێنن.

ئەمڕۆکە ئەگەرچی گەشەسەندنی سەرسوڕهێنەرانەی پیشەسازیی و تکنۆلۆژی کارێکی وای کردوە کە دەبووا مرۆڤایەتی وەک پێویستە لە دەسکەوتە زانستییەکانی خۆی سوودمەند بێت و هەموو کەس ژیانێکی ئاسایی دوور لە هەژاریی هەبێت، کەچی ئەمڕۆکە ملیۆن ملیۆن مرۆڤی هەزارەی سێیەم بۆ پەیداکردنی نانی ڕۆژانەیان لەگەڵ مەرگ چنگەکڕێیانە. سترێس و دڵەڕاوکێ و نەبوونی کات و خەمی نان و خانوو و گرانیی چارەسەری تەندروستیی، بەشێکی جیانەکراوەی ژیانی ڕۆژانەی زۆربەی خەڵکە.

هەرچەندە کاپیتالیزم وەک سیستمێکی سیاسیی ــ ئابووری بێ لیاقەتیی خۆی نیشانداوە و قوڵکەرەوەی زامەکانی کۆمەڵگەی چینایەتیی بووە، بەڵام بەداخەوە ئەمە نەبووەتە هۆی بەهێزبوونی بەرەی چەپ و سۆسیالیستیی کە ئاڵتەرناتیڤێکی ئیمڕۆیی و کردەیی بخاتە بەردەم کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی. ئەوەی کە جێی داخە ئەوەیە کە لە ئاستی جیهانییدا ئەوەی بە زەقی دەبینرێت، گەشەی لایەنە دەستە ڕاستیەکانە و لە ئاسیا و ئەفریقا و بەتایبەتی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست تەنانەت ڕەوتی فاشیزیمی دینی بە شێوەیەکی بەرچاو لە گەشەسەندن دایە. ئەوەتا عێراق و سووریە بوونەتە مەیدانی ڕمبازێنی بزووتنەوەی ئیسلامیی و کوردستانی ئێمەش ئەمڕۆکە لە ڕۆژاوا و باشوورەوە بووەتە مەیدانی شەڕ و ململانێی زیاتری ئەو ڕژیمانەی کوردستانیان داگیرکردووە.

بەداخەوە ئەمڕۆکە ئێمە لە کوردستان نە لایەنێکی چەپی بەهێزمان هەیە کە لە دژی سەرمایەداریی ئەڵتەرناتیڤی سیستەمێکی یەکسان بخاتە بەردەم کۆمەڵگە و نە لایەنێکی چەپی بەهێزی واشمان هەیە کە تەنانەت لە بواری پرسگری نەتەوایەتیی کوردستانیشدا بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ و کۆمەڵگەیەکی یەکسان و ئازاد تێبکۆشێت. چەپی وڵاتی ئێمە بەداخەوە سۆسیالیستبوون و کرێکارییبوون و چەپبوونی لە ئێرانییبوون و عێراقیبوون و تورکییبووندا بینیوەتەوە. ئەمەش کارێکی وایکردووە کە کرێکارانی کوردستان و بەرەی چەپی کۆمەڵگەی ئێمە، هێزەکانی ئەوەندەی تر پرژوبڵاو بێت.

ئەوەتا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕژیمێکی داگیرکەری ئیسلامیی دڕندانەتر لە جاران دەستدرێژی دەکاتە سەر کۆمەڵانی خەڵک و لە سەروبەندی ڕۆژی کرێکاردا هەڵسووڕاوانی کرێکاری ڕاپێچی زیندانەکان دەکات و لە سێ دەیەی ڕابردوودا ماشێنی لەداردانی زیندانییانی سیاسی بۆ ساتێکیش ڕا نەگرتووە. لە سایەی بوونی وەها ڕژیمێکەوە کرێکاران مافی ڕێکخراوبوون و مانگرتن و کۆبوونەوە و خۆپیشاندانیان لێ زەوت کراوە و هێڵێ هەژاریی گەیشتۆتە ئاستی ٣ ملیۆن تمەن و گرانیی پشتی خەڵکی شکاندووە و هەژاریی و گیرۆدەبوونی ماددە هۆشبەرەکان و بێکاریی و لەشفرۆشیی و کاری منداڵان و نەخوێندەواریی، دیاردەگەلێکی دزێوی کۆمەڵایەتی ڕوو لە گەشەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەموو ئێرانن.

کرێکاران، کۆمەڵانی ڕەنجدەری ژن و پیاوی کوردستان

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان لە خەبات بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی یەکسانی بێ چین و چەوسانەوە خۆی لە ڕیزی پێشەوەی بەرخۆدانی ئێوە و هەموو چینی کرێکاری وڵاتانی تردا دەبینێتەوە و لە خەبات بۆ بەدەستهێنانی مافەکانتان هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازێت. لە هەمانکاتدا ئێمە هیوادارین کە بزووتنەوەی کرێکاریی کوردستان لە بزووتنەوەی گشتیی خەڵکی کوردستاندا ڕۆڵێکی زیاتر ببینێت بۆ ڕزگاری هەموو خەڵکی کوردستان و دامەزراندنی کۆماری یەکسانیی کوردستان.

 

شەکاوە بێت ئاڵای یەکی مەی، ڕۆژی هاوخەباتیی جیهانیی کرێکاران!

دابمەزرێت کۆماری یەکسانیی کوردستان!

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

١٠ی گوڵانی ٢٧١٥

١٠ی گوڵانی ١٣٩٤ی هەتاوی

٣٠ی ئاپریلی ٢٠١٥