بەرز و بەڕێز بێت یادی نەمرانی ١٩ی گوڵان، ڕۆژی مامۆستایانی کوردستان

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکسانی
9-5-2015

 

ئەمڕۆ ساڵرۆژی لە سێدارەدانی چوار زیندنیی سیاسیی کوردسانیی و زیندانییەکی سیاسی ئێرانییە کە لە بەرەبەیانی ١٩ی گوڵانی ١٣٨٩ی هەتاوییدا بە بڕیاری دادگای باڵای کۆماری ئیسلامیی سێدارە و بەبێ ئاگاداری پارێزەر و خانەوادەکانیان لە زیندانی ئەوین لە سێدارە دران. مامۆستا فەرزاد کەمانگەر، شیرین عەلەمهولی، فەرهاد وەكیلی، عەلی حەیدەریان و مەهدی ئیسلامیان ئەو زیندانییە سیاسییە سەربەرزانە بوون کە بەدەم سروودخوێندنەوە و بە ورەیەکی بەرز و هەنگاوی بڵندەوە چوونە پای سێدارەی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

مامۆستا فەرزادی کەمانگەر پەروەردەکارێکی ئازادیخواز و هوومانیستێکی مەزن و خەباتکارێکی لێبڕاو و ڕاستەقینەی بوواری ڕۆشەنگەریی مرۆڤدۆستانە و یەکسانییخوازانەی کوردستان بوو. مامۆستایەک کە هەڕەشە و شکنجە و زیندانیش نەیانتووانی تەنانەت بۆ ماوەیەکی کورتیش دیوارێک لە نێوان فەرزاد و خەڵکی کوردستاندا پێک بێنن و ببنە مایەی وەستانی قەڵەمی بە بڕشت و بێدەنگکردنی نەغمەی شۆڕشگێڕانەی ئەو مرۆڤە مەزنە.

کۆنەپەرستانی ڕژیمی ئیسلامیی، دواجار بۆ بێدەنگکردنی بانگی ئازادییخوازانەی فەرزاد و بۆ چاوترسێنکردنی خەڵکی کوردستانی داگیرکراو، زۆر ترسنۆکانە پەنایان بردە بەر کوشتن و بێ ئەوەی بتوانن بچووکترین تاوان بەسەر فەرزاددا بسەپینن، پاش چەند ساڵ زیندان و شکنجەی قورس و دادگایەکی ٧ خولەکیی، لە ١٩ی گوڵانی ١٣٨٩ی هەتاوییدا لە سێدارەیان دا. کۆنەپەرستەکانی تاریکستانی سەدەکانی ناوەڕاست توانای بیستنی وشە گڕشەدار و هیوابەخشەکانی فەرزادیان نەبوو و پێیان وابوو بە لە سێدارەدانی فەرزاد و هاوڕێیانی، خەڵکی کوردستان لە هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی و یەکسانیی سارد دەکەنەوە. بێخەبەر لەوەی وتە و پەیڤە پڕشنگدارەکانی فەرزاد دوای مەرگیشی وەک تیشکی خۆرەتاوی شۆڕش لە پشت سنوورە زۆرەملییەکانەوە خۆیان دەکەن بە ناو دڵی ئامەد و قامیشلو و کورکوک و کرماشان و ئیلامدا. شێرکۆ وتەنی، لای ئێمە ژیان لەو مەرگە سەربەرزانەوە دەستپێدەکاتەوە… . ئەوەتا دوای گیانبەختکردنی فەرزاد چەندین خوێندنگە و دەزگای ڕۆشنبیریی بەناوی فەررزادی کەمانگەر کراونەتەوە و ڕۆژی گیانبەختکردنیشی وەک ڕۆژی مامۆستا ڕاگەیەندراوە.

کۆنەپەرستانی کۆماری ئیسلامی پێیان وابوو بە شەهیدکردنی شیرینی عەلەمهولی، چرایەکی تری ئومێدی ژنانی ستەمدیدەی کوردستان دەکوژێننەوە، نەیاندەزانی شیرین بە مەرگی سەربەرزانەی و بە خەباتی لێبڕاوانەی وەک مەستوورەی شاسوواری و وەکو بەیان و سەکینە و ئارین میرکان و هەزاران ژنی تێکۆشەری تری کوردستان، دەبێتە خۆری ئازادیی و ڕێشاندەری ڕزگاری مرۆڤی ژن و سەرخۆبوونی کوردستانی داگیرکراو.

فەرهاد وەكیلی و عەلی حەیدەریان لە تێکۆشەرە لێبڕاو و خۆڕاگرەکانی شاری سنەی سدیقی کەمانگەر و جەماڵی چراغوەیسی بوون و بە گیانبەختکردنی سەربەرزانەیان، لاپەڕەیەکی شۆڕشگێڕانەی تریان بە مێژووی بەرخۆدانی ئازادییخوازانەی کوردستانەوە زیاد کرد. مەهدی ئیسلامیان، ئازادیخواز و چالاکوانێکی سیاسیی ئێرانیی بوو کە لەگەڵ شەهیدەکانی ١٩ی گوڵانی کوردستاندا سەربەرزانە سەری نایەوە و لای ئازادیخوازانی کوردستان ڕێزێکی تایبەتیی هەیە.

ژنان و پیاوانی یەکسانیخوازی کوردستان و ئێران
خانەوادەی سەربەرزی گیانبەختکردوانی ١٩ی گوڵان

کۆماری ئیسلامی، لە پەنگخواردنەوەی دەریای بێزاریی ئێوە و لە سونامیی شۆڕشی دژی بێدادیی دەترسێ و هەر بۆیەشە لە سێ دەیەی ڕابردوودا ماشێنی زیندان و شکنجە و کوشتاری بۆ ساتێکیش ڕاناوەستاوە. ئەم ڕژیمە دیکتاتۆرە، بۆ درێژەدان بە تەمەنی نگریسی خۆی و لە ترسی ڕاپەڕینی ئێوە پەنا دەباتە بەر کوشتن و زیندان و تۆقاندن. هەر بۆیەشە زۆر جار دەخۆیڕانابینێ تەرمی گیانبەختکردووانیش بداتەوە کەسوکاریان یان لە شوێنی ناشتنیان ئاگاداریان بکاتەوە .

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی شۆڕشگێر
لایەنە سیاسیە شۆڕشگێڕەکانی کوردستان و ئێران

بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی ڕەشی کۆماری ئیسلامیی و بۆ ڕزگاریی کوردستان لە سێبەری شوومی داگیرکەران پێویستە خەباتی خەڵکی کوردستان و تێکۆشانی ئازادیخوازانی ئێران لێکهەڵپێکرێت. پێویستە جیاوازیی حیزبیی و سیاسیی نەکەینە لەمپەر بۆ ئازادی زیندانیانی سیاسیی و بۆ ڕوخاندنی کۆماری ئیسلامیی و دامەزراندنی حکوومەتی کوردستان.

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان هاوبەشی خەمی لەدەستدانی ئازیزان فەرزادی کەمانگەر و شیرینی عەلەمهولی و فەرهاد وەكیلی و عەلی حەیدەریان و مەهدی ئیسلامیانە و دەستی هاوخەباتیی ئێوە و هەموو لایەنە سیاسیە شۆڕشگێڕەکانی کوردستان و ئێران دەگوشێت بۆ هاوکاریی لەپێناو ئازادکردنی هەموو زیندانیانی سیاسی کە لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا گیانیان لە مەترسییدایە.

لێرەدا بە پێویستی دەزانین بۆ جارێکی تر رایبگەیەنین کە کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان ١٩ی گوڵان بە ڕۆژی مامۆستایانی کوردستان دەزانێت و خوازیاریشین کە هەموو لایەنەکانی کوردستان ڕاشکاوانە ١٩ گوڵان وەک ڕۆژی مامۆستایانی کوردستان بە فەرمیی بناسن. جێی خۆیەتی و ئەرکی سەر شانی هەموومانە لەم ڕۆژەدا و بۆ ڕێزگرتن لە یادی مامۆستا فەرزاد و هاوڕێیانی و بۆ ڕێزگرتن لە کار و چالاکیی و خەباتی مامۆستایان هەموو ساڵێک لە ئاستی هەموو بەشەکانی کوردستاندا بەپیر ١٩ی گوڵانەوە بچین و بۆ دەستەبەرکردنی ئامانجەکانی مامۆستا فەرزادی کەمانگەر و هاوڕێیانی کە ئامانجی هەموو خوێندکاران و مامۆستایان و سەرجەم خەڵکی کوردستانە تێبکۆشین.

بەرز و بەڕێز بێت یادی نەمرانی ١٩ی گوڵانی ١٣٨٩ی هەتاوی
نا بۆ کۆماری ئیسلامی بە هەموو باڵەکانییەوە! نا بۆ سێدارە و توندوتیژیی و کوشتن!

بەڵێ بۆ ئازادیی و سەربەخۆیی و یەکسانی و مافی مرۆڤ!
کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
١٩ی گوڵاتی ٢٧١٥
٩ی مانگی مەی ٢٠١٥