پشتگیری کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان لە ڕۆژی ماتەمینی گشتی لە کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکسانی
2012-12-11
بەبۆنەی کارەساتی سووتانی قوتابخانەیەکی سەرەتایی شارۆچکەی شیناوێی پیرانشار و قوربانیی بوونی زیاتر لە ٣٠ مناڵی ئەم قوتابخانەیە، کۆمەڵێک لە چالاکوانانی مەدەنیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕاگەیاندنێکدا داوایان کردوە کە ڕۆژی پێنجشەممه ٢٣/٠٩/١٣٩١ی هەتاوی (١٣/١٢/٢٠١٢ی زایینی) بکرێت بە رۆژی ماتهمینی گشتی بۆ هاوخهمیی له گهڵ بنهماڵه و کهس و کاری ئهم مناڵانە و بۆ ئەم مەبەستەش داوا کراوە کە ڕۆژی پێنجشەممە لەسەر گۆرستانی شیناوێی پیرانشار لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەرییدا هاوخەمیی خۆیان دەرببڕن.
ئێمە وەک کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان، وێڕای هاوخەمیی و سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئەو مناڵانەی بەهۆی ئەم ڕووداوە دڵتەزێنەوە گیانیان لەدەست داوە و هیوای چاکبوونەوە بۆ مناڵەکانی تر کە بوونە قوربانیی کەمتەرخەمیی بەرپرسان و سیستەمی هەڵاواردنی کۆماری ئیسلامی، پشتگیریی خۆمان لەم هەنگاوە بەجێیەی چالاکوانانی مەدەنیی کوردستان دەردەبڕین و داواکارین هەموو ئازادیخوازان و دڵسۆزانی گەلەکەمان پشتگیری لەم بانگەوازە بکەن.
با هەموومان بە ئامادەبوون لەم کۆبوونەوەیەدا، وێڕای یەکدەنگیی نەتەوەیی و هەڵبڕینی دەنگی ناڕەزایەتی لە دژی هەڵاواردنی سیستماتیکی کۆماری ئیسلامی، دڵسۆزیی و هاوخەمییمان لەگەڵ قوربانیانی ئەم کارەساتە دەرببڕین.
کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
٢١/٠٩/١٣٩١ی هەتاوی
١١/١٢/٢٠١٢ی زایینی