ئازادکردنی گرێ سپی و یەکگرتنەوەی هەرێمەکانی کۆبانێ و جزیرە پیرۆز دەکەین.
ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکسانی
15-6-2015
ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی جۆزەردانی ٢٧١٥ (١٥/٠٦/٢٠١٥) شاری گرێ سپیی ڕۆژئاوای کوردستان لە لایەن هێزەکانی پاراستنی گەل (ی.پ.گ)، (ی.پ.ژ.) و هەروەها بورکانی فورات و بە هاوکاریی هێزەکانی ئاسامانیی هاوپەیمانان لە گرووپە تیرۆریستییەکان پاک کرایەوە و ئازاد کرا. ئەم سەرکەوتنە دوای هەڵمەتێکی یەک مانگەی ئەم هێزانە هاتە ئاراوە و لەم ناوەدا شارۆچکەکانی سلووک و مەبرووکە و دەیان گوند و ناوچەی تر کە لە ژێر دەسەڵاتی داعشدا بوون، ڕزگار کران و هەر دوو هەرێمی جزیرە و کۆبانێ یەکیان گرتەوە.
یەک گرتنەوەی ئەم دوو هەرێمە ڕزگارکراوی ڕۆژئاوای کوردستان، گرووپی تیرۆریستیی داعش لە تورکیە لەم ناوچەیە دادەبڕێت و هاوکات ڕێگەی گەیاندنی یارمەتیی ڕاستەوخۆ لە باشووری کوردستان و هەرێمی جزیرەوە بۆ کۆبانیی و هەروها فرسەتی هەڵمەتی گەورەتر بۆ ڕزگاریی هەرێمەکانی کۆبانێ بۆ عفرین دەڕەخسێنێ و دەکرێ لەم ڕێیەو هەموو ڕۆژئاوای کوردستان لە هەر دوو هیزی داگیرکەری داعش و ڕژیمی ئەسەد پاک بکرێتەوە.
ئێمە وەک کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان وێڕای دەستخۆشیی و پیرۆزبایی لە هەموو هێزە بەشداربووەکانی ئەم سەرکەوتنە، پیرۆزبایی گەرمی خۆمان ئاراستەی هەموو خەڵکی کوردستان دەکەین و هیواخوازین بە هەموو هێز و لایەنە کوردستانییەکان وێڕای پاراستنی دەسکەوتەکانی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان، بە یەکگرتوویی و هاوپشتیی، بست بە بستی خاکی کوردستان لە داگیرکەران پاک بکەینەوە و ئەم هەڵمەتانە تا ڕزگاریی هەموو کوردستان بەردەوام بن.
سەرکەوێ خەباتی ڕەوای گەلەکەمان لە پێناو سەربەخۆیی و یەکسانیی بۆ کوردستان
کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
٢٦ی جۆزەردانی ٢٧١٥
(١٦/٠٦/٢٠١٥)