چۆنیەتیی شەهیدکرانی هاوڕێ حەسەن ئیقباڵی

یەکسانی
25-11-2015

هاوڕێ حەسەن ئیقباڵی لاوێکی شۆڕشگێڕ و خاوەن هەڵوێست بوو کە لە بنەماڵەیەکی هەژار و نیشتمانپەروەری ئاوایی تەورێزخاتوونی دیواندەرە لە دایک ببوو. هاوڕێ حەسەن لە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاویی(١٩٧٩ی زایینی) لە کاتێکدا تازە ڕێژیمی شای ئێران ڕووخابوو و شۆڕشی گەلانی ستەملێکراو لە ئێران بەسەر ڕێژیمی حەمە ڕەزا شای پەهلەوییدا سەر کەوتبوو، هاتە ناو ڕێزەکانی کۆمەڵەی یەکسانی و لەم ماوەیەدا لە چەندیین چالاکیی سیاسیی کۆمەڵەی یەکسانی لە ناوچەکانی دیواندەرە و سەقز بەشداریی کرد و وەک پێشمەرگەیەکی بەتوانای کۆمەڵەی یەکسانی خۆی سەلماند.
زۆر بەداخەوە تەمەنی هاوڕێ حەسەن بەهۆی نەبوونی دێموکراسیی و بیری یەکتر پەسندکرن لە ناو بەشێک لە هێزە کوردییەکان لەو سەردەمەدا، زۆر کورت بوو و لە کاتێکدا هاوڕێ حەسەن تەنیا دوو مانگ بوو کە زەماوەندی کردبوو، لە سەرماوەزی ١٣٥٨ی هەتاویی (١٩٧٩ی زایینی) لە کاتی چالاکییەکی سیاسی لەگەڵ کۆمەڵێک کادر و پێشمەرگەی کۆمەڵەی یەکسانی لە گوندی مەولاناوای سەقز لە لایەن پێشمەرگەکانی "حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران"ەوە کە فەرماندەکەیان کەسێک بە ناوی ئەسەدی سڵێمانپوور دەبێت، هێرشیان دەکرێتە سەر و لەم هێرشەدا هاوڕێ حەسەن بریندار دەبێت، بەڵام دوای برینداربوونیشی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات دوای دەکەون و لە هەنگدانێکدا گوللەبارانی دەکەن و بەم شێوەیە حەسەنی ئیقباڵی شەهید دەبێت.
پێشمەرگەکانی یەکسانی دوای ماوەیەک تەقە و بەرەنگاربوونەوە، لە مزگەوتەکە دێنە دەرەوە و بە هاوکاریی خەڵک ئەم گوندە بەجێ دێڵن. ڕۆژی دواتر مامۆستا مەلا ڕەحمانی ئاوارە و کاک عەبەی فەلاحی و چەند هاوڕێیەکی دیکەی کۆمەڵەی یەکسانی چوون تەرمی شەهید حەسەنی ئیقباڵییان لە مەولاناوا هێنایەوە بۆ سەقز بۆ ئەوەی بەخاکی بسپێرین. بەلام شەهیدکردنی حەسەنی ئیقباڵی بەمشێوە، دەنگدانەوەیەکی گەورەی لە سەقز و دەوروبەری هەبوو و ناڕەزایەتیی و مانگرتنێکی گشتیی بەدوادا هات. دوای ئەوە ئیدارەی فێرکاریی و پەروەردەی سەقز (ئامووزش و پەروەرش) و هەموو قوتابخانەکانی ئەم شارە داخران و خەڵکی سەقز خۆپێشاندانێکی گەورەیان بۆ مەحکوومکردنی ئەم کردەوەی حیزبی دێموکرات و لە پشتیوانی لە کۆمەلەی یەکسانی بەڕیوە برد. لەم خۆپێشاندانەدا وێرای کۆمەڵەی یەکسانی، زۆربەی حیزب و ڕێکخراوەکانی ئەو کات وەک سازمانی پەیکار، کۆمەڵە، چریکەکانی فیدایی، یەکێتیی جووتیاران و هەروەها دەفتەری مامۆستا شێخ عێزەددین حوسەینی تێیدا بەشدار بوون. دوای خۆپێشاندانەکە تەرمی شەهید حەسەنی ئیقباڵییان بەرەو دیواندەوەرە برد و لە گوندی ڕەشیدئاوا کە خزمەکانی لەوێ بوون لە ڕێوڕەسمێکی بەشکۆدا بە خاک سپارد.
شەهید حەسەن ئیقباڵی لاوێکی یەکسانییخواز، لەسەرخۆ، خوێن شیریین و بە بیر و باوەڕی کوردستان و پێشمەرگەیەکی بە وەفا و چالاکی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان بوو کە سەرەڕای ئەوەیکە تازە زەماوەندی کردبوو، بە دڵێکی پڕ لە هیوا و بە باوەڕێکی قووڵ بە ڕزگاریی گەلەکەیەوە هاتبۆ ناو ڕیزی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان و بەداخەوە بەهۆی بیری تەسکی حیزبیی و نەوبوونی فەرهەنگی پەسەندکردنی ڕای جیاواز و لایەنی جیاواز لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو سەردەمە ناسکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، شەهید کرا.
کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان بە هۆی ئەوەیکە هیچ کات باوەڕی بە شەڕی ناوخۆیی نەبووە، ئەو کاتە شەڕی حیزبی دێموکراتی نەکرد و بە تۆڵەکردنەوە وڵامی ئەم شەڕفرۆشییەی نەدایەوە. بەڵام ئەم چاوەڕوانییە هەر بووە و هەر دەشمێنێ کە ڕۆژێک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران داوای لێبوردن لە خەڵکی کوردستان بە گشتیی و لە کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان و بنەماڵەی شەهید حەسەن ئێقباڵیی بە تایبەتیی بکات. هاوکات بەرپرسانی ئەم جینایەتەش لە دادگایەکی دادپەروەرانەدا لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و بە سزای خۆیان بگەن تا جارێکی تر دەست بۆ کوشتنی پێشمەرگەی هیچ لایەنێکی کوردستانیی نەبەنەوە و چەکی کورد تەنیا لە بەرامبەر داگیرکەران و دوژمنانی خەڵکی کوردستاندا بەکار بهێندرێت.


هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی هاوڕێ حەسەنی ئیقباڵی و هەموو شەهیدانی رێگەی سەربەخۆیی و یەکسانیی کوردستان!
کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
٤ی سەرماوەزی ٢٧١٥
(٢٥/١١/٢٠١٥)