پەیامی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان بە بۆنەی یەکەم ساڵڕۆژی جینۆسایدی شنگال

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکسانی
3-8-2015

 

خەڵکی تێکۆشەر و خۆڕاگری کوردستان!

ئەمڕۆ ١٢ی گەلاوێژی ٢٧١٥، (٠٣/٠٨/٢٠١٥) ساڵڕۆژی داگیرکرانی شنگال و هێرشی هۆڤانەی دەوڵەتی ئیسلامیی عێراق و شام (داعش) بۆ شاری شنگال و ئەنفالی پێکهاتەیەک لە پێکهاتەکانی خەڵکی کوردستانە. ساڵێک لەمەوبەر تیرۆریست و تاڵانچییەکانی دەوڵەتی ئیسلامی لە پرۆسەی ئەنفال و جینۆسایدی مێژوویی خەڵکی کوردستاندا بۆ جاری حەفتاوچووارەم لە مێژووی ئێزدییەکاندا خۆیان گەیاندەوە ئەم خەڵکە بێتاوانە و دەستیان کرد بە ڕەشەکوژیی و تاڵان و بەدیلگرتنی ئەم پێکهاتەی گەلەکەمان. لەم ڕۆژەدا بە هەزاران ژن و منداڵی ئێزدی بە دیل گیران و بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی ئیسلامی بەتایبەت بۆ شاری ڕەققەی سووریە و مووسڵ لە ئێڕاق راگوێزران و دەسدرێژییان کرایە سەر و سووکایەتییان پێ کرا، پیاوە بەدیلگیراوەکانیش زۆریینەیان ئەنفال و گوللەباران کران. خەڵکەکەی تریش ئەوەندەی توانی خۆی لە دەستی تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی قوتار بکات، ڕووی لە ڕۆژئاوای کوردستان و چیای شنگال و ناوچەکانی تری باشووری کوردستان کرد.

ئەوەی لەم ناوەدا جێی داخ و کەسەر بوو ئەوە بوو کە ئەم هێزە پێشمەرگەیەی لە شنگال بوو بۆ پاراستنی ئەم شارە، بەبێ تەقە و بێ ئاگادارکردنەوەی ئێزدییەکان هەڵات و ئەم شارەی بەسەر خەڵکی بێ پەنا و بێ دەرەتان لە بەرامبەر هێزێکی تیرۆریست و بێ بەزەیی وەک دەوڵەتی ئیسلامیی عێراق و شامدا بەجێ هێشت. بێگومان ئەمە تاوانێکی گەورە بوو هەم بەرامبەر بە خەڵک و پێکهاتەی ئێزدی و هەم لە بەرامبەر نەتەوەی کوردیش، کە هەڵاتن لە بەرامبەر داگیرکەردا لە ئەخلاق و پرنسیپیدا نەبووە و نیە. پێویست بوو و پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆر بە وردی لەم تاوانە بکۆڵێتەوە و تاوانبارەکان لە بەرامبەر خەڵکی کوردستان و بەتایبەت لە بەر دەم ئێزدییەکان بە سزای خۆیان گەیاندبا و هەموو هەوڵێکیشی بۆ قەرەبووکردنەوە و ساڕێژکردنی ئەم زامە گەورەی ئێزدیەکان و ئازادکردنی شاری شنگال دابا. خاڵێکی تر کە پێویستە بە جیددییتر کاری بۆ بکرێت، ئازادکردن و ڕزگارکردنی ئەم ئێزدییانەیە کە ئێستاش لە دەستی تیرۆریستان دان. پێویستە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە گشتیی و حکوومەتەکانی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان بە هەموو توانایانەوە و بە هاوکاریی ناونەتەوەیی هەوڵی ڕزگاریی ئێزدییە ڕفێندراوەکان بدەن و چ لە بوواری دەروونی و چ لە بوواری نیشتەجێکردن و پێداویستییەکانی ژیانیان لە کوردستان یارمەتیی پێویستیان بدەن.

ئێمە لە ساڵڕۆژی جینۆسایدی ئێزدییەکان و ئەم زامە گەورەی گەلەکەمان، سەری ڕێز و نەوازشمان دادەنوێنیین بۆ گیانبەختکردووانی ئەم کارەساتەی بە دەستی تیرۆریستانی ئیسلامی بەسەر گەلەکەمانیان هات و هیواخوازین خەڵکی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانی، بە لەخۆبردووییەوە هەموو ناکۆکییەک وەلا نێن و بۆ پاراستنی گەلەکەمان یەک بگرن و هەموو پیلانەکانی دوژمنانی خەڵکی کوردستان پووچەڵ بکەنەوە.

سەرکەوێ خەباتی ڕەوای گەلەکەمان لەپێناو سەربەخۆیی و یەکسانیی بۆ کوردستان

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

١٢ی گەلاوێژی ٢٧١٥

 (٠٣/٠٨/٢٠١٥)