کوردی
Kurdi
فارسی
English
سەرەتا
ڕاگەیاندن
ڕاپۆرت
وتووێژ
بەرنامە
بڕیارنامە
نەمران
گۆڤار
وێژەینەمران
ڤیدیۆ
ئەندامێتی
ئەرشیڤ
پێوەندی
پەیامی کۆمەڵەی یەکسانی کوردستان بۆ کۆڕیادی شەهید مامۆستا قەندیل لە سوید!
ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکسانی
24-08-2012
بنەماڵەی تێکۆشەری شەهید قەندیل!
خەڵکی ئازادیخواز و خۆڕاگری کوردستان!
لەسییەمین ساڵوەگەری شەهیدکرانی هاوڕێ عەوڵڵاى مەلاعوسمانى، ناسراو بە ماموەستا قەندیل، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵەی یەکسانی کوردستان، سەری رێز و نەوازش لە بەرامبەر ئەم شەهیدە و هەمو شەهیدانی رێگای ڕزگاری و سەربەخۆیی کوردستان دادەنوێنین، و ڕێزی خەبات وماندوبونی چەندین ساڵەیان دەگرین.
مامۆستا قەندیلی نەمر، وێڕای ئەوەیکە سەرکردەیەکی فیداکار بوو، پێشمەرگەی کرێکاران وزەحمەتکێشان، ئاڵا هەڵگری پێشکەوتن ودادپەروەری کۆمەڵایەتی و پارێزەری ئازادی و دێموکراسی و هاوکات درێژە پێدەری ڕێگای کۆماری کوردستان و خەباتکارێکی ڕزگاری و سەربەخۆیی کوردستان بو. مامۆستا قەندیل ساڵانێکی زۆر بە دڵسۆزییەوە خزمەتی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستانی کرد، و هەر لە دەورەی کۆماری کوردستان، و بووژاندنەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، هەتا شۆڕشی گەلانی ئێران، وەک پێشمەرگەیەکی ماندوویینەناس، و فەرماندەیەکی بەتوانا و خاوەن ئیرادەیەکی پۆڵایین ناسرابو.
مامۆستا قەندیلی نەمر دوای تێکچونی کۆماری کوردستان، لەدژی رژیمی پاشایەتی ئێران، تێکۆشانێکیی بێوچانی سیاسیی کردوە و پاشان لەگەڵ کۆمەڵێک تێکۆشەری ئەو سەردەمە، پەڕیوەی باشوری کوردستان بوە. لە باشوری کوردستان لە چەندین دەڤەری وەک پشدەر ، حاجیەمەران، کێوەڕەش، و بناری قەندیل، وێڕای هاوسەنگەرانی درێژەی بە خەبات داوە، و بە هۆی لێهاتویی و خۆڕاگریی لەهەمبەر هێرش و پیلانی داگیرکەرانی کوردستان لەو سەردەمانەدا، خۆشەویست وجێگای متمانەی هاوڕێیان و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بوە.
زۆر بەداخەوە شەهید قەندیل، لەکاتی هێرشی هێزەکانی داگیرکەری کۆماری ئیسلامی ئیران لە هاوینی ١٣٦١ لە بادیناوێی شاری پیرانشار، لەکاتێکدا پۆلێک پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات دەورەیان دەگیرێت و تەقەیان لەسەر دەبێت، بەهانایانەوە دەچێت و و پاش ئەوەی لەو شەڕەدا بریندار دەبێ، پاش چەند کاتژمێرێک شەهید دەبێ و گیانی پاکی فیدای ڕێبازێک دەکات کە هەموو ژیانی خەباتی بۆ کردبوو.
شایانی باسە کە کۆمەڵەی یەکسانی کوردستان لەساڵی ١٩٩٤ ی زایینی، وەک وەفاداری ورێزگرتن لەو سەرکردە گیان بەختکردوەی خۆی، هەر ئەو شوێنەی کە کاتی خۆی ماموەستا قەندیل لە دێی ورتەی بناری قەندیل ماڵی لێ دانابوو، کردی بە بنکەی پەروەردەیی و ناویشی لێنا "بنکەی پەروەردەی شەهید قەندیل".
بەرزو بەڕێز بێت سییەمین ساڵیادی شەهیدکرانی هاوڕێی تێکۆشەر، مامۆستا قەندیل!
بەردەوام بێت ڕێبازی ڕزگاریخوازانە و یەکسانیخوازانەی مامۆستا قەندیل و سەرجەم شەهیدانی گەلەکەمان!
کۆمەڵەی یەکسانی کوردستان
٣ی خەرمانانی ١٣٩١ی هەتاوی
٢٤ی ئۆگۆستی ٢٠١٢ی زایینی
© 2022 - Yeksani
کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان پارتێکی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە لە پێناو مافەکانی ئازادی، یەکسانی و دیارییکردنی چارەنووسی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵات خەبات دەکات