بەرز و بەڕێز بێت یادی شەهیدانی قاڕنێ و قەڵاتان!
ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکسانی
2-9-2015
ئەوڕۆ ١١ی خەرمانان (٢ی سێپتامبر) هاوکاتە لەگەڵ سی و شەشەمین سالڕۆژی کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی چەندین ئاوایی لە پارێزگای ورمێ، بەتایبەت دوو گوندی نزیک لە شاری نەغەدە بە ناوەکانی قاڕنێ و قەڵاتان. سی و شەش ساڵ لەمەوبەر (٢ی سێپتامبری ١٩٧٩) هێزە جینایەتکارەکانی کۆماری ئیسلامی بە سەرکردایەتیی ئاخوند خەڵخاڵی، نوێنەری خومەینی بۆ کوشتاری خەڵکی کوردستان، بە بیانووی دژایەتیی شۆڕشی ئیسلامیی و هاوکاریی دژە شۆڕش، دەستی بە تۆڵەسەندنەوە لە خەڵکی سیڤیلی چەند ئاواییەکی پارێزگای ورمێ و بەتایبەت دوو گوندی قاڕنێ و قەڵاتان کرد و بە دەیان کەسی لە ژن و مناڵ تا دەگاتە گەنج و پیاو و پیر و پەککەوتەی ئەم گوندانەی بە مامۆستای ئاینیی ئاوایی قاڕنێشەوە بە دڕندانەترین شێوە کۆمەڵکوژ کردن و تەرمەکانیشی شێواندن. ئەم کارەی ئاخوند خەڵخاڵی و هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی ماوەیەکی کورت لە دوای فەرمانی جیهادی خومەینی لە دژی خەڵکی کوردستان ڕووی دا. ڕژێمی ئیسلامی بەم کارەی سەلماندی کە لە جینایەت و دیکتاتۆرییەت نەک هەر هیچی لە ڕژیمی شای ڕەگەزپەرست کەم نیە، بەڵکو زۆریش لەو دڕندەتر و دیکتاتۆرترە، بەتایبەت لە پێشێلکردنی مافی گەلانی ژێردەست لە ئێران.
لەم ڕۆژەدا سڵاو دەنێرین بۆ گیانی ئەم شەهیدانە و سەری ڕێز و نەوازشمان بۆ شەهیدانی قاڕنێ و قەڵاتان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دا دەنوێنین. بێگومان خوێنی شەهیدانی کوردستان هیچ کات لە یاد ناکرێت و ڕۆژێک دێت کە جینایەتکارانی کۆماری ئیسلامیی تاوانی ئەم کارانەیان بە گەلی کورد و سەرجەم گەلانی بندەست لە ئیران بدەنەوە.
سەرکەوێ خەباتی ڕەوای گەلەکەمان لە پیناو سەربەخۆیی و یەکسانیی!
کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
١١ی خەرمانانی ٢٧١٥
٢ی سێپتامبری ٢٠١٥