پاراستنی دەسکەوتەکانی باشووری کوردستان، ئەرکی سەرشانی هەموو کوردستانییانە

سەربەست ئازاد
28-10-2015

 

لە هەلو مەرجی ئێستای کوردستاندا،  کە کورد بە گشتی چاوی هیوای بریوەتە باشووری کوردستان و دەرئەنجامی دووبارە هەڵبژارنەوەی باکوری کوردستان و بەرەو پێشەوەچوونەکانی خەبات لە رۆژئاوای کوردستان، کە لەو سەردەمە چارەنوسسازە دا رۆژئاوا و باکوری کوردستان پێویستیان بە پشتیوانی و  هاوکاری بەشەکانیتری کوردستان و هەموو کوردێکی نیشتیمان پەروەر هەیە.  لە کاتێکدا داگیرکەران بە تاک و گەلەکۆمێ خەریکی دارژتنی پیلانی دووژمنکارانن لە دژی دەسکەوت و گشت بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کوردستان. لە لایەکیتر هەوڵی تێکدەرانە و کردەوە توندوتیژ و دواکەوتوەکانی دەوڵەتی ئیسلامی(داعش) بوونەتە هەرەشە بۆ سەر خاک و خەڵکی کوردستان. لە کاتێکدا دنیا  بە وەردی  چاوەدێری چۆنیەتی  هەڵسوکەوتی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان دەکەن، بەداخەوە لە باشووی کوردستان بە هۆی  جێ نەکەوتنی کەلتوری دەستا و دەست کردنی دەسەڵات بە شێوەی ئاشتییانە لە رێگای هەڵبژاردنی ئازاد ، بە دامەزراوەیی نەبوونی دامودەزگا حوکمی و مەدەنیەکان، نەبوونی شەفافەیەت لە بەرهەمهێنان، تەشەنە کردنی دیاردەی گەندەڵی، پشت بەستنی خەڵک بە مووچە، لە بزربوونی دێموکراسی وسەروەر نەبوونی یاسا و نەبوونی سپای نیشتمانی و دەستورێک کە هەموو خەڵکی کوردستان لە ژێر یاسا وپرەنسیپە گشتیەکاندا کۆ بکاتەوە و ماف و ئازادی و شکۆیان گەرەنتی بکات، کۆمەڵێک قەیرانی سیاسی، ئابوری،  بەرێوەبەری، دیپلۆماسی سەریان هەڵداوە و چەند کێشەی ئاڵٶز و هەڵپەسێردراویان لێکەوتۆتەوە کە چارەسەر کردنیان ئاسان نیە، بەڵام مەحالیش نیە و تەنیا  بوونی ئێرادە پێویستە بۆ چارەسەرێکی بنەرەتی  کە جارێکیتر تراژیدیاکان دوو بارە نەبنەوە.

 

 لەوەها بارودۆخێک دایە کە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە گەڵ ژیانێکی دژواری کەمداهاتی و بێکاری و نەبوونی خزمەتگوزاری و داهاتوەکی نادیار بەرەو روو دەبن. خەڵک هۆکاری ئەو ژیانە تاڵەی خۆیان لە دەر ئەنجامی سیاسەت و هەڵوێستی کاربەدەستانی  باشووری کوردستان دەبینن.  بۆیە بۆ دەربرینی نارەزایەتی لەو بارودۆخە ناهەموارە و گەیاندنی دەنگی خۆیان بە گوێی کاربەدەستان لە چەند شار رژانە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندانیان وەرێ خست . بەداخەوە  رەوتی خۆپیشاندانەکان توندوتیژیان تێکەوت و کوژران و بریندار بوون و راودوونانی چەند کەس و دروست بوونی کێشەی ناو پارلمان و حکومەت و لە یەک تورە بوونی لایەنەکان وترس وبێ ئومێدی خەڵک و... لێکەوتەوە.

 

 پێویستە بۆ پاراستنی دەسکەوتەکان و تەشنە نەکردنی ئەو بارودۆخە ناجێگرەی باشووری کوردستان هەموو کوردستانیان، دوور لە بەرژەوەندی کەسیەتی، حیزبی، ناوچەیی بێنە سەر خەت بە مەبەستی چارەسەری بنەرەتی کێشەکان هەوڵ و وزە و  تێکۆشانە لە یەک جیاکان یەک بخەن.

 

١- سەرەتا پێویستە هەموو لایەک دان بەو راستیە دابنێت کە کوردستان بە تەنیا مڵکی تایبەتی هیچ لایەک نیە. هەر کەس و لایەنێکی خاوەن هەڵوێست و بەرپرسیار، مافی خۆیەتی لە چوارچێوەی بەرژەوەندی نیشتمانی دا رۆڵ و کاریگەری لە ناو کۆمەڵگا و دەسەڵاتی بەرێوەبەری دا هەبێت. بۆ ئەو مەبەستە پێویستە دێموکراسی وەک خۆی لە مەیدانی کردەوەدا جێبەجێ بکرێت، رێز لە ئیرادە و دەنگی هاووڵاتیان بگیرێت و دەسەڵات لە رێگای هەڵبژاردنی ئازاد بە شێوەی ئاشتیانە دەستاودەستی پێبکرێت. هەموو خەڵکی کوردستان بە ئەندازەی پێویست مافیان پێبدرێت و هەست بە بوونی خۆیان بکەن و ئاسایش و شکۆیان بپارێزرێت.

 

٢- لە ئێستا دا جێگای خۆیەتی کەلتوری دواکەوتوانەی یەکتر قەبوڵ نەکردن و یەکتر پەراوێزخستن و هەوڵدانی لایەنەکان بۆ تواندنەوەی یەکتر بە رێگای شەر و کوشتن  بۆ هەتاهەتایە وەک دیاردەیەکی قێزەون و خەیانەتی نیشتمانی بناسێندرێت و ئەوکەسانەی لە شەری ناوخۆدا دەکوژرێن لە داهاتی گشتی هیچ ئیمتیازێک بە کەس و کاریان نەدرێت. پێویستە پەیماننامەیەک لە سەر قەدەغە کردنی شەری خۆ بە خۆی لایەنە سیاسیەکانی کورستان و کورد کوژی  بنوسرێت و لە لایەن هەموو لایەنە سیاسیەکانی کوردستان واژۆ بکرێت.جێی خۆیەتی ئەو پیمان نامەیە لە ناو دەستوری هەمیشەیی کوردستاندا جێی بکرێتەوە.

 

٣- دەستورێکی پێشکەوتویی سیکۆلار و گشتگیری دایمی بۆ هەرێمی باشووری کوردستان لە لایەن کەسانی مافناس، یاسا زان  بنوسیرێ و دوای پەسند کردنی لە لایەن خەڵکەوە کاری پێبکرێت. تا هەموان ماف و ئەرکی خۆیان بزانن و یاسا سەروەر بێت  و  هەموو دانێشتوانی کوردستان وەک یەک لە ژێر سێبەری دەستووردا کۆ بنەوە و بحەسێنەوە.

 

٤- دامودەزگا حوکمی و مەدەنیەکان بە دامەزراوەیی بکرێن، هەموویان بە هۆی کەسانی شارەزای پەیوەندیدار، بە شێوەی زانستی بەرێوە ببرێن، هەر کەس ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات و دەست نەخاتە ناو کاری لایەنێکیتر.

 

٥- سپای نیشتیمانی پێک بهێندرێت، هێزی پێشمەرگە لە ناو سپای نیشتمانی دا رێکبخرێت و ئەرکی پاراستنی خاک و خەڵک ودەسکەوتەکانی کورستان بێت، لە یەک لای بوونەوی کێشەی نێوان لایەنە سیاسیەکان و دەستاو دەست کردنی دەسەڵات بێلایەن بێت.

 

٦- لە روی ئابووریەوە بەرهەمهێنان لە سامانە نیشتمانیەکان شەفاف بێت و سەرف کردن بە پێی پێویست بێت  و جیاوازی موچە چەند بەرابەر نەبێت، موچەی خانە نشینە پلە بەرزەکان کەم بکرێتەوە. پرۆسەی چاکسازی و نەهێشتنی گەندەڵی بەجددی کاری لە سەر بکرێت. گرنگی بە کەرتی پیشەسازی و کشت وکاڵ و ئاژەڵداری بە رێگای زانستیدا بدرێت و هەموو خزمەتگوزاریەک وەک شارەکان بۆ گوندەکان دابین بکرێت.

 

٧- پەیوەندیەکانی دەرەوە و کارە دێپلۆماسیەکان  لە لایەن دامەزراوەی تایبەتی و لە ژێر چاوەدێری دەسەڵاتی بەرێوەبەری حکومەتی هەرێمی کوردستان دوور لە کۆنترۆڵی شەخسی و حیزبی بەرێوە بچن.

 

دەکرێ بە هاوکاری و گیانی لێبوردەیی دڵسۆزانی گەل و نیشتمان ئەو چەند خاڵەی ئاماژەیان پێکرا بۆ هەنوکە و درێژماوە بەشێک لە  پرۆژە وکەرەسەی چارەسەری بنەرەتی ئەو کێشە و بار و دۆخە ناهەموارەی ئێستای باشووری کوردستان بن.

 

سەبەرست ئازاد

٢٨/١٠/٢٠١٥