یادێک لە ڕێبەر و مامۆستای پێشکەوتنخوازی کوردستانی، ماموستا شێخ عێزەددین حوسەینی

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکسانی
2013-02-10

 

ئەوڕۆ ٢٢ی ڕێبەندانی ١٣٩١ی هەتاوی (١٠/٠٢/٢٠١٣) هاوکاتە لەگەڵ دووهەمین ساڵڕۆژی کۆچی دوایی مامۆستای نەمر شێخ عێزەددین حوسەینی. ماموستا شێخ عێزەددین یەکێک لەو ڕێبەرە کەموێنانە بوو کە لەو ڕۆژەوەی ڕاستەوخۆ وەک ڕێبەرێکی پراتیکی دەستی بە خەبات کرد، هەتا دەمی گیانسپاردنی، لە هیچ قۆناخێک و لە ژێر هیچ تەوژمێکی سیاسی و دیپلۆماتیی دەرەکی و تەنانەت ناوخۆییش، هەڵوێستی ڕوونی مافخوازانە، دڵسۆزانە و کوردستانیی خۆی نەگۆڕی.

 

مامۆستا شێخ عێزەددین لە سەردەمی ڕاپەرینی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دژی سیستەمی پاشایەتی و بە تایبەتی لە کاتی ڕێزگرتن و ناشتنی نەمر کاک عەزیزی یوسفی، ئەندامی ٢٤ساڵ زیندانییکراوی حیزبی دێموکراتی کوردستان و هەروەها لە کاتی وتووێژەکانی وەک بەرپرسی دەستەی نوێنەرایەتیی خەڵکی کورد لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و تەنانەت دوای ئەو سەردەمەش، هیچکات داخوازییە ڕەواکانی خەڵکی کوردستانی وەلا نەنان و وازی لێ نەهێنان.

 

هەر چەند مامۆستا شێخ عێزەددین لە کوردستان وەک کەسایەتییەکی ئایینی ناسرابوو، بەڵام لە ڕەوتی شۆڕشی کوردستان بۆ جارێکیش هەڵوێستی ئایینی خۆی لە گەڵ داوا نیشتمانییەکانی خەڵکی کوردستان لێک نەدان و هەردەم باوەڕی ئایینی لە سیاسەت جیاواز دەبینی. مامۆستا لایەنگری ڕاستەقینەی ئازادی و مافی مرۆڤ بوو و ئایینی وەک بڕوایەکی دەروونیی و ئەخلاقیی تایبەت بە هەر تاکێکی کۆمەڵ دەدیت کە خەڵک لە هەڵبژاردنیدا ئازادن. هەر لەسەر ئەم بنەما فیکرییەشەوە بە شانازییەوە جەمەدانیی کوردی لەجێگای مەندیلی مەلایەتی لەسەر دەنا کە بێگومان ئەو هەڵوێست، کردەوە و تێڕوانینە جوانانەی ئەم مرۆڤە مەزنە، تایبەتمەندییەکی جیاوازیان دابوو بەو و وەک ڕێبەر و کەسایەتییەکی ئایینیی پێشکەوتوو، جێگای ڕیزی هاوکاتی هەموو کەسێکی ئایینی و سێکۆلار بوو.

 

جێی خۆیەتی کە بوترێت کە یەکێک لە تایبەتمەندییە جیاوازەکانی تری مامۆستا شێخ عێزەددین ئەوە بوو کە بە پێی توانا و بەبێ هیچ چاوەڕوانییەک، یارمەتیی تاک و لایەنەکانی سیاسیی کوردستانی دەکرد. هەر لەو سوێنگەوەش مامۆستا شێخ عیزەددین لە چەندین قۆناخی جیاوازدا یارمەتیی بەرچاوی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان،ی کردووە کە لە میژووی یەکسانییدا جێگەیەکی تایبەتیی هەیە و هیچکات خەمخۆریی و چاکەکانی لەگەڵ کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان لەبیر ناکرێن.

 

بەرز و بەڕێز بێت یادی مامۆستای پێشەنگ و ڕێبەری پێشکەوتنخوازی کوردستانی، مامۆستا شێخ عێزەددینی حوسەینی

 

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

 

٢٢/١١/١٣٩١

 

١٠/٠٢/٢٠١٣