٨ی مارس لە ژنان و پیاوانی یەکسانییخواز پیرۆز بێت!

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکسانی
7-3-2016

هەشتی مارس رۆژی جیهانیی ژن، بەرهەمی ڕەنج و خەباتی ژنانی تێکۆشەر، لە ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز پیرۆز بێت. بێگومان ژنانی یەکسانییخواز زۆر زیاتر لە تەمەنی ٨ی مارس بۆ یەکسانیی و بۆ گەیشتن بە مافەکانیان تێ کۆشاون و لەم پێناوەشدا قوربانیی زۆریان داوە و زۆر دەسکەوتی بەنرخیشیان بە مرۆڤایەتیی بەخشیوە. ئێمە وێرای پشتگیریی و شانازییکردن بەم تێکۆشانە مێژووییەی ژنان، خەباتی رابردوو و ئێستا و داهاتووی ژنان و پیاوان بۆ پێکهێنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد، یەکسان، سەربەخۆ، و پێشکەوتوو بەرز دەنرخێنین و خۆمان بە بەشێکی دانەبڕاو لەو خەباتە شۆرشگێرانەیە دەزانین.

 

خەبات بۆ یەکسانیی بەگشتیی و خەبات بۆ یەکسانیی ژن و پیاو بەتایبەتیی، پێویستییەکی ژیانی مرۆڤایەتییە. خەبات کردن بۆ بەکردارییکردنی ئەو پێویستییەش، ئەرکێکی ئەخلاقی و مرۆڤانەی هەموو تاکێکی کۆمەڵگەیە. ئاشکرایە کە هیچ کەس و گرووپ و لایەنێک مافی ئەوەی نییە کە هەڵاواردن لەنێوان ژن و پیاودا بکات یان بە پێی بەرژەوەندیی خۆی، هزر و توانا بە سەر کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا دابەش بکات و لە سەر بنەمای تێگەیشتنێکی دواکەوتووانەدا ئەرک و مافی ژنان و پیاوان دیاری بکات. ئێمە پێمان وایە کە بەرژەوەندیی کۆمەڵگە لە سیستەمێکی یەکسانییخواز دایە  کە ئەرکی تاکەکان بە پێی توانا و مافیشان وەک یەک و بەبێ هیچ جیاکارییەک دابیین بێت. سیستەمێک کە بە شێوەی زانستی و لە سەر بنەمای مرۆڤ بوون رێز لە سەرجەم رەنگ و رەگەز و زمان و پێکهاتە جیاوازەکان بگرێ، مافی هەمووان  بە فەرمی بناسێت و بە یاساییان بکات. لە وەها کۆمەڵگایەک دا کەس لە ژێرپێخرانی ماف و شکانی شکۆ و چارەنووسی خۆی ناترسی و ژنان وەک کاڵا و بوونەوەرێکی دەستەمۆ بۆ دابینکردنی خۆشگوزەرانی پیاوان تەماشا ناکرێن.

جێی داخە کە لە سەردەمی گەشەی زانست و تێکنۆلۆژیی و ئاشنابوونی گەلان بە مافەکانی مرۆڤ، ئێستاش لە زۆریینەی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییدا و بەتایبەت لە کۆمەڵگە ئایینیی و خێلەکییەکاندا ژنان وەک کەرستە و کۆیلەی پیاوان ڕەفتاریان لەگەڵ دەکرێت و بە شێوازی جیاواز دەچەوسێندرێنەوە. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەمناوەشدا ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە دەکەونە ناو ئەم بازنە دواکەوتوویە کە چ بە یاسا و چ بە ئایین و کولتوور، ژنان بە شێوەیەکی سیستماتییک دەچەوسێندرێنەوە و زۆربەی کاتەکان دەکەونە بەر توندوتیژیی و زۆر جاریش ژیانیان بەم هۆیەوە لەدەست دەدەن. لەمناوەدا ژنانی کوردستان وێرای بەرەوڕووبوونەوەی هەڵاواردنی زایەندیی، ستەمی نەتەوایەتییش باری سەرشانی قورستر کردوون. داگیرکەرانی کوردستان بۆ بەردەوامیی دەسەڵاتی دیکتاتۆرییان، بە درێژایی مێژووی داگیرکارییان هەوڵیان داوە بە دامەزراندنی سیستەمی ئایینی و خێڵەکیی، کۆمەڵگە لە دواکەوتووییدا بهێڵنەوە و ڕێ لە گەشە و پێشکەوتنی بگرن کە ئەمەش کاریگەریی زۆری بووە لەسەر بەردەوامیی دواکەوتوویی کولتووریی و گەشەنەکردنی هزری یەکسانیی لە کۆمەڵگەدا.

 

سەرەڕای هەوڵی داگیرکەران و ئەم لایەنانەی بەرژەوەندییان لە دواکەوتوویی کۆمەڵگەی کوردستان دایە، جێی دەستخۆشیی و دڵخۆشییە کە ئێستا لە هەموو سەردەمێک زیاتر ژنان لە کوردستان لە خەباتی رزگاریخوازانە و یەکسانییخوازانەدا بەشدارن. ئەوەی لەم ناوەدا جێی ڕەخنەیە ئەوەیە کە تا ئێستاش ژنانی کوردستان خاوەنی ڕێکخراوێکی سەربەخۆی سەراسەریی کوردستانیی و خاوەنی داخوازیی هاوبەش نیین و وزەکانیان زیاتر بەسەر ڕێکخراوە سیاسییەکاندا دابەش بووە. لە کاتێکدا پرسەکانی ژنانی کوردستان وەک یەکن و لەڕێی ڕێکخراوێکی سەرتاسەریی کوردستانیی دەکرا ژنانی کوردستان هەوڵ بدەن بۆ گەڵاڵە کردنی پەیماننامەیەکی هاوبەش کە هەموو داخوازییەکانی ژنان لە خۆ بگرێت و ئەوکات داخوازییەکانیان باشتر بە ئامانج دەگەیشت.

بەپێی ئەوەی کە لە بارودۆخی ئێستادا باشوور و رۆژئاوای کوردستان ئازادن، پێویستە ژنان بە هاوکاریی پیاوانی یەکسانییخواز هەوڵ بدەن بۆ بەشداربوون لە نووسینەوەی دەستوور و چەسپاندنی مافەکانی ژنان لە یاسادا. خەبات بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی پێشکەوتوو و دێموکراتیک و سەقامگیرکردنی دێموکراسی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی کە ژنان بتوانن رۆڵی خۆیان لە دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی ئازاد و سەربەخۆ و یەکسان بگێڕن، یەکێکی تر لە کارە پێویستەکانی خەباتی یەکسانییخوازانە. هەوڵدان بۆ بەشداری ژنان لە گۆرانکاری بنەڕەتیی و دامەزراندنی سیستەمێکی دادپەروەرانە لە کوردستان، رێگە خۆشکەر دەبێت بۆ پێکهێنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد، دێموکرات، سیکۆلار، یەکسان، سەربەخۆ و پێشکەوتوو کە هەموو چین و توێژ و تاکەکان  لە ژێر سێبەریدا بحەسێنەوە و هەست بە بوون و ماف و ئارامی و رێز  و کەسایەتیی خۆیان بکەن.   

جارێکی تریش پیرۆزبایی ٨ی مارس دەکەین لە هەموو ژنان و پیاوانی یەکسانییخواز، بەتایبەت لەم ژن و پیاوانەی لە سەنگەری پارستنی کوردستاندا، لە بەرامبەر داگیرکەران و تیرۆریستان ڕاوەستاون و گیان و ماڵی خۆیان دەخەنە مەترسیی لەپێناو دەستەبەرکردنی کوردستانێکی ئازاد و کۆمەڵگەیەکی یەکسان و ژیینێکی باشتر بۆ مرۆڤایەتیی بەگشتیی و بۆ خەڵکی کوردستان بەتایبەتیی.

 

سەرکەوی  خەباتی مافخوازانەی  ژنان و پیاوانی یەکسانییخواز بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی ئازاد و سەربەخۆ و یەکسان!

 

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

 

٢٧١٥/١٢/١٧

 

 (٢٠١٦/٠٣/٠٧)