بەڕێوەچوونی میتیینگی کوردستانییان لە ستۆکهۆڵم بۆ پشتگیریی خەڵکی باکووری کوردستان

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکسانی
7-3-2016

میتیینگی کوردستانییان لە ستۆکهۆڵم بۆ پشتگیریی خەڵکی باکووری کوردستان و مەحکوومکردنی کۆمەڵکوژییەکانی ڕێژیمی تورکیە بەڕێوە چوو.

بە مەبەستی پشتگیریی لە خەڵکی باکووری کوردستان و مەحکوومکردنی کۆمەڵکوژییەکانی ڕێژیمی تورکیە لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوو لە باکووری کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە ٠٦/٠٣/٢٠١٦ بە بەشداریی کۆمەڵێک لە لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان لە سوید  میتینگێگ لە مەیدانی نۆرماڵمی ستۆکهۆڵم (Norrmalmstorget) بەڕێوەچوو.

میتیینگەکە کاتژمێر ١٣:٠٠ دەستی پێ کرد و کۆمەڵێک لە ڕێکخراو و پارتەسیاسییەکانی بەشداربوو پەیام و تەیان پێشکەش کرد و وێڕای پشتگیریی لە بەرخۆدانی خەڵکی باکووری کوردستان و خۆڕاگرییان لە بەرامبەر کۆمەڵکوژییەکانی ڕێژیمی داگیرکەری تورکیە، داوایان لە ناوەندە ناونەتەوەییەکان و وڵاتانی لایەنگری مافی مرۆڤ کرد کە لە بەرامبەر ئەم جینایەتانەی ڕێژیمی تورکیەدا بێدەنگ نەبن. لەم میتیینگەدا هاوڕێ خدر کوردستانیی بە نوێنەرایەتیی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان و لە پشتگیریی لە خەبات و خۆڕاگریی خەڵکی باکووری کوردستان وتەیەکی پێشکەش کرد.

ڕێکخراو و لایەنە بەشداربووکانی ئەم میتیینگەدا بریتیی بوون لە:

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان

شوورای هەماهەنگیی چەپ لە ستۆکهۆلم

پارتی یەکێتیی دێموکراتیک (پ.ی.د)

پلاتفۆرمی زاگرۆس

پلاتفۆرمی یارسان

کۆمەڵەی دایکانی کورد لە سوید

بەرەی عەرەبیی تەحریری ئەحواز

ئەم میتیینگە دوای دوو کاتژمێر، لە کاتژمێر ١٥:٠٠ بە کاتی سوید کۆتایی هات. شایانی باسە کە هەر بەم بۆنەوە لە چەندیین وڵاتی تری ئەورووپاییش خۆپێشاندانی کوردان و لایەنگرانی مافی مرۆڤ لە هەمان کات و ڕۆژدا بەڕێوە چوو.

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکسانی

٠٧/٠٣/٢٠١٦