پەیامی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان بە بۆنەی نەورۆزی ٢٧١٦ی کوردیی
ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکسانی
19-3-2016
نەورۆز جەژنی کۆنی کوردان بەخێر بێت و لە خەڵکی کوردستان پیرۆز بێت. لەم رۆژە پیرۆزە دا وێرای دانواندنی سەری ڕێز و نەوازش لە بەرامبەرهەموو گیانبەختکردووانی رێگای رزگاری کوردستان، سڵاو و رێزی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی شەهیدان، هەموو زیندانیانی سیاسی و گشت رێبوارانی رێگای رزگاری و سەربەخۆیی کوردستان دەکەین.
لە ساڵی رابردوو دا کۆمەڵێک روداو و گۆرانکاریی لە سەر ئاستی جیهان و رۆژهەڵاتی ناوەراست و بەتایبەت لە کوردستان ڕوویان دا. کۆمەڵێک قەیران و کێشەی هەڵپەسێردراو بە بێچارەسەر مانەوە و هاتنە ناو ساڵی تازەوە. هیوادارین ساڵی تازە، ساڵی چارەسەریی هەموو قەیران و کێشە هەڵپەسێردراوەکان و یەکێتیی خەڵکی کوردستان و سەرکەوتنی خەباتی هەموو چەوساوەکان و خەباتی رزگاریخوازانەی خەڵکی کوردستان بێت. هیوادارین ساڵی تازە پڕ لە داهات و خێر و بەرەکەت و ئاشتی و بەیەکەوە ژیان و سەرەتای وەرزی سەروەریی یاسا و سەقامگیریی دێموکراسیی و ئاسایش و رزگاریی و سەربەخۆیی کوردستان و دامەزرانی بناغەی کۆمەڵگەیەکی یەکسان بێت لە کوردستان.
ئەوساڵ لە بارودۆخێکدا پێشوازیی لە جەژنی نەورۆزی ٢٧١٦ دەکەین کە ووڵاتە زلهێزەکان هەر یەکەو لە ئاست خۆیەوە هەوڵ دەدات هێژمۆنی خۆی بە سەر رووبەرێکی زیاتری ناوچەکەدا بسەپێنی و زۆربەی ووڵاتە پیشەسازییەکان، هەریەکەو بە مەبەستێک چاوی بریوەتە رۆژهەڵاتی ناوەراست. هاوکات ووڵاتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراستیش لە سەر زۆر بابەتی لە یەک جیاواز بە یەکەوە ناکۆکن و زۆربەشیان لە ناو خۆیاندا کێشەی تایبەت بە خۆیان هەیە. بە تایبەت ئەو ووڵاتانەی کوردستانیان داگیر کردوە دووچاری چەندیین کێشەی ناوخۆیی و دەرەکی بوونەتەوە.
لە دەرئەنجامی ئەو بارودۆخە ئاڵۆز و قەیراناوییەی کە لە ژێر هێژموونیی ئەم وڵاتانە و تیرۆریزمی ئیسلامیی کە لە لایێکی تر ناوچەکە لە ئارا دایە، هەلێکی باش بۆ خۆرێکخستنی خەڵکی کوردستان ڕەخساوە کە بە خوێندنەوەیەکی باش بۆ ئەو هەلومەرجەی هاتۆتە پێش و بە هەڵێنانەوەی هەنگاوی دڵسۆزانە و زانستییانە، دەکرێ زۆر دەسکەوتی دیکە بخرێنە سەر خەرمانی دەسکەوتەکانی تر بەتایبەت لە ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان کە لە لایەن دەسەڵاتی خۆماڵییەوە سەرپەرشتی دەکرێن. لە هەمانکاتدا لە باکوری کوردستان کۆمەڵانی خەڵکی نارازیی جولانەوەیەکی بەرین و شۆرشگێرانەیان وەرێ خستوە، کە بە چالاکیی بەردەوام، ڕەوتی خەباتی مافخوازانەیان بەرەو پێشەوە دەبەن و هیوا بە خەباتی رزگاریخوازانەی خەڵکی کوردستان دەبەخشن. بەداخەوە بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەم بە هۆی سیاسەتی داگیرکارانەی کۆماری ئیسلامیی و هەم بە هۆی بێ بەرنامەیی و پەرتەوازەیی لایەنە سیاسییەکان لە هەموو بەشەکانی تری کوردستان نالەبارترە کە ئەمەش پێویستیی بە وەخۆهاتنەوە و لەخۆبردوویی لایەنە سیاسییەکانی ئەم بەشەی کوردستان و ڕیکخراوە مەدەنییەکان و خەڵکی ئەم بەشەی کوردستانەوە هەیە کە هیواداریین لە ساڵی نوێ دا ئەم ئامانجە بێتە دی.
ئاشکرایە لەم بارودۆخە ئاڵۆزەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێویستە خەڵکی کوردستان بە گشتی و لایەنە سیاسییەکان بەتایبەتی لە هەموو کات زیاتر هاوکار و یەکگرتوو بین و بە یەکەوە پەرە بە گەشەپێدانی خەباتی هاوبەش بۆ ڕزگاریی کوردستان بدەین. لە کۆتاییدا داوا لە خەڵکی کوردستان دەکەین فشار بۆ لایەنە سیاسیەکان بێنن کە ناکۆکییەکانیان بەلاوە بنێن و بیر لە بەرژەوەندی گشتی خەڵکی کوردستان بکەنەوە و بەرژەوەندیی خۆیان لە ناو بەرژەوەندیی گشتی خەڵکی کوردستاندا ببیننەوە.
دووبارەش پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز لە هەموو خەڵکی کوردستان دەکەین و هیواخوازین ساڵی نوێ، ساڵی هاوخەباتیی و سەرکەوتنی خەڵکی کوردستان لە هەموو بەشەکان بێت.
کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
٢٩ی ڕەشەمەی ٢٧١٥
(٢٠/٠٣/٢٠١٦)